سەبارەت بە داهات و خەرجی ساڵی2017 ئەنجوومەنی وەزیران كۆدەبێتەوە

0

رووداو- هەولێر

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە داهات و خەرجی خەمڵێندراوی ساڵی 2017 كۆدەبێتەوە، دەرئەنجامی كۆبوونەوەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان و حكومەتیش دەخرێتەروو.

عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی پینجشەممە 12-1-2017 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی رووداو لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆ لە سەر سێ تەوەر دەكرێت.

لە تەوەری یەكەم كۆبوونەوە دەرەنجامی كۆبوونەوەی رۆژی 21-12-2016 نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق لە سەر یاسای بودجەی 2017 عێراق، پشكی هەرێمی كوردستان لەو یاسایە و بەراوردكردنی بە داهاتی بە دەستهاتووی هەرێمی كوردستان لە رێگای فرۆشتنی نەوت بە شێوەی سەربەخۆ دەخرێتەروو.

لە برگەی دووەمی كۆبوونەوەكە گفتوگۆ لە سەر راپۆرتی وەزارەتی دارایی و ئابووری سەبارەت بە پلانی وەزارەت بۆ ئامادەکردنی بەیاننامەیەكی دارایی سەبارەت بە داهاتەكات و خەرجییە گشتییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2016 و ئامادەكردنی پرۆژەی سەرەتایی بۆ داهات و خەرجی خەملێندراوی ساڵی  2017 دەكرێت.

لە برگەی سێییەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆ لە سەر راپۆرتی وەزارتی تەندروستی هەرێمی كوردستان لە بارەی دەرمان و پێداویستی پزیشكی و رێكخستنەوەی داهات و خەرجییەكانی تایبەت بە كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان دەكرێت.

يمكنك قراءة الخبر في المصدر من هنا :Rudaw رووداو