یەکێتی سێ پێشنیاز بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەداتە پارتی

0

رووداو- هەولێر

لە کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتیدا لە هەولێر بڕیار درا کۆمیتەیەکی هاوبەش پێکبهێنرێ نوێنەرایەتی لایەنە سیاسیەکان و پێکهاتە نەتەوەییەکان لە خۆبگرێت، کاری ئەو کۆمیتەیە یەکلاییکردنەوەی ناوچەکانی ماددەی 140،  گشتپرسی و سەربەخۆیی باشوری کوردستانە.

هەردوولا دووپاتیدەکەنەوە پاڵپشت و هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبن بۆ چارەسەری قەیرانی ئابووری. پارتی و یەكێتی گفتوگۆیان لەبارەی دانانی رێوشوێنی گونجاو کردووە بۆ چارەسەری کێشە بنەڕەتییەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتیش کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، لە پارتی نێچیرڤان بارزانی و لە یەکێتیش کۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆکی شاند بوون.

قسەکانی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی پێویستی گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ یەکێتی کارێکی کرد، کە کۆبوونەوەی دووەمی پارتی و یەکێتی لە گەڕی دووەمی دانیشتنی لایەنەکان ئەنجامەکەی باش بێت، ئەوە بە قسەی ئەندامێکی شاندی پارتی، دڵشاد شەهاب کە لە زۆربەی کۆبونەوکەنی پارتی و یەکێتی بەشدارە.

دڵشاد شەهاب، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت رۆئیایەکی هاوبەشیان بۆ پرسە ستراتیژییەکان هەبێت و پێکەوە بتوانن بناغەی چارەسەری گرفتەکانی هەرێمی کوردستان دابنێن، هەموو ئەوانەی پیشکەش کران هاوبەش بوون، جا ئەگەر برادەرانی یەکێتی شتێکیان گوتبێت کە ببێتە ئەجیندای کۆبوونەوە یان پارتی گوتبێتی".

یەکێتی لەگەڵ خۆی پرۆژەیەکی بۆ پارتی هێنابوو، لە ناوەڕۆکەکەیدا پیشنیاری کردووە، پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لای پارتی بمێنێتەوە یان دەستەیەک بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دابنرێت ئەگەرنا کەسێکی بێ لایەن بە رێککەوتنی هەموو لایەنەکان ببێتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانیش یەکێتی پێشنیازی کردووە سەرۆکایەتییەکی نوێ بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرێت، هەروەها گۆرانکاری لە سیستەمی بەڕێوەبردنی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بکرێت.

پاش کۆبوونەوەکە یەکێتی و پارتی بەیانێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە پێکەوە دەڵێن، بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی، پاڵپشت و هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبین.

شاندی پارتی و یەكێتی دەشڵێن گفتوگۆیان لەبارەی دانانی رێوشوێنی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکانی هەرێمی کوردستان كردووه، لە پێش هەموویانەوە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان.

پارتی یەکەم پرۆژەی بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ جێبەجێکردنەی ناوەڕۆکی پەیامەکەی بارزانی وەرگرت، چاوەڕێیە لایەنەکانی دیکەش پرۆژەیان هەبێت بۆ ئەوەی وەک ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دەڵێ "پرۆژەی هەمووان لەیەک بدرێت و کۆتاییەکەی ئەوە بێت باشووری کوردستان لەو قەیرانە سیاسییە رزگار بکات".

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

يمكنك قراءة الخبر في المصدر من هنا :Rudaw رووداو